رۆژێکیان لە دوای نوێژی بەیانی مامە پیرەیەک بێخودی شاعیری بینی و پێی وت: بێخود ئەو شەو خەوێکم پێوە بینیوی،ئەویش وتی :چی بوو بۆم بگێڕەوە؟ ،مامە پیرەش دەستی بەگێرانەوەی خەوەکەی کردو وتی: لەخەونمدا پێغەمبەر گیان بە تەنیشتم دا رۆیشت و سەلامێکی لێکردم و منیش وەڵاممدایەوە و وتم : علیکم السلام یا رسول الله یاخوا بەخێربێی فەرموو بۆ کوێ دەچی؟
پێغەمبەر گیانیش فەرمووی: دەمەوێ بچمە لای بێخودی شاعیر، پاشان هەندیک رۆیشت و لە نیوەی رێگادا گەڕایەوە و دەستێکی بڵند کرد و رۆیشت.
مامە پیرە لە قسەکانی بەردەوام بوو کاتیک سەری هەڵبڕی سەیری کرد بێخود چاوی پڕ فرمێسک بوو بوو ، تا دڵۆپە فرمێسکەکانی ریشی تەڕکردبوو، بێخود وتی : والله ئەمشەو لە خزمەت خۆشەویستدا بووم بە قەصیدەیەک تا درەنگانێکی شەو ، ئیتر لە ناوەندی قەصیدەکە ئاگام لە خۆم نەماو خەوم لێکەوت ، هەر بۆیە پێغەمبەر گیان لە نیوەی ڕێگادا گەڕایەوە .
کە ئەمە ئەو شیعرە بوو کە بێخود ئەو شەوە نوسیبوی:
یەکێک لە جوانترین شاکارەکانی بێخود کە بۆ پێغەمبەر ی (ص) نوسیوە ....
لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتــووە تۆراوە دڵــی من
هەرچەند ئەگەڕێم بێ سەروشوێن ماوە دڵی من
ئــاخـــۆ بـە چ شاخێکەوە گیرساوە دڵی من
یــاخــــۆ بــە چ داخێکەوە سـوتـاوە دڵــی من
ئەو هەم دەمی غەمخوارو نەدیمی منە یـــاڕەب
ئـەو مەحڕەمـی ئەسرارو قەدیمی منە یـــاڕەب
ئەو گەوهەری شـەهـوارو یەتیمی منە یـــاڕەب
کـەوتـۆتــە چ بەحرێکەوە خنکاوە دڵـــی مــن
مەجنـونـی دوو گـێسـوی چ لەیلایەکە ئـــــاخــۆ
یا وامـیـقــی جـــادووی چ عەزرایەکە ئـــــاخــۆ
دێـــوانــەی ئاهوی چ سەحرایەکە ئـــــاخــۆ
کـــام چـیهــرە پەری دیــوە کـە ترساوە دڵی من
ئەتلێتەوە گـاهـێ بەخـەیـــاڵی خەت و خاڵی
ئەخولێتەوە گـاهــێ بە چرای شەوقی جەماڵی
نـازانـی ئـەگەر چـۆنـە بەدەست دەردەوە حـاڵی
وەک پوش و پەڵاشێکە بەدەم بـاوە دڵـــی مــن
لەو چــۆڵــی بیابانە ئــەبــێ یاوەری کـــێ بێ
یا بـەو کە ژو کێوانەوە سـەودا سـەری کـێ بێ
یالەت لەت و ئەفگاری موژەی خەنجەری کێ بێ
چۆن ماوە لەسەد لاوە کە کوژراوە دڵی من
بۆچی نەڕژێ سەیلی سروشکم وەکو باران
بۆچی وەکو یەعقوب نەبمە شوهرەی شاران
لەو یۆسفە پرسیومە لە بێگانە و یاران
هەر گیز نییە سۆراخی لەهیچ لاوە دڵی من
بۆخۆی بگریم یا نەفەسی پەردە دڕاوی
یا بۆ جگەری کون کون و سەد پارە کراوی
چی کردوە یاڕەب کە خەو و خواردن و ئاوی
دایم غەم و بێداری و خوێناوە دڵی من
چ بکەم ، چ بڵێم ، بۆ دڵەکەم کارییە دەردم
شاهیدی منن مویی سپی و چیهرەیی زەردم
خۆڕایی نییە ناڵەی گەرم و دەمی سەردم
هەڵبەت بە بەڵایەکەوە ئاڵاوە دڵی من
ئەوسینە لە غەش خاڵییە،ئەو بێ ڕک و کینە
ئەو خادیمی شەرعی نەبەوی و میلەت و دینە
مەعلوم چووە بۆ خزمەتی سالاری مەدینە
وام زانی کە فەوتاوە ، نەفەوتاوە دڵی من
قوربانی کەسێ بم کە قوربانی ( نەبی) بێ
وەک بەندە سەگی دەرگەهی شاهی عەربی بێ
شاهی عەربی یەعنی قوڕەیشی نەسەبی بی
جەرگی بە دوو ئەبرۆی ئەوە جنراوە دڵی من
زاتێکی وەهای گرتووە ڕۆحم بە فیدای ئەو
شاهان شەو و ڕۆژ دێنەقەدەم بۆسی گەدای ئەو
بێخود مەبە ئیتر بە ئومێد و بەتەمای ئەو
نایەتەوە لات گەر سەری داناوە دڵی من
اللهم صل علی سیدنا محمد وعلی ال سیدنا محمد
مهدی سه رده ریایی