بیاره شریفه

آرشیو نوشته های من

بیاره شریفه

آرشیو نوشته های من

روانگەی ماموستا سەعیدی نوورسی بو مردن

ڕوانگەی مامۆستا سەعیدی نوورسی بۆ مردن

 

لە ڕاستیدا مردن تەسریحبوون و کۆتاییهێنانە بە ژیانی دونیا و جێگە و بوون گۆڕینە، بانگەواز و پێشەکییە بۆ ژیانی هەمیشەیی نەبڕاوە، چونکە هەروەک هاتنە دونیای «ژیان» بەپێی نەخشە و بەدیهێنانی خوای گەورەیە، ماڵئاواییکردنیشی لە دونیا بە هەمان جۆرە، دەبێت بەپێی نەخشە و بەدیهێنانی خوداوەند بێت، چونکە مردنی ساکارترین زیندەوەر -کە ڕووەکە- ڕێسایەکی ئەوەندە ورد و داهێنانکارییەکی وەهای لە مەڕ بەدیهێنان تێدایە کە لە خودی ژیان زۆر مەزنتر و ڕێکوپێکتر و خاوەن ڕێساترە.

.

 

بۆ نموونە مردنی بەر و تۆو و دانەوێڵەکان کە بە ڕواڵەت داڕزان و هەڵوەشانەوەیە، لە ڕاستیدا بریتییە لە: هەڵشێلانی زنجیرە کارلێکێکی کیمیایی لەو پەڕی وردی و تەرازووکاری و پێکهێنان و ڕێکخستنی گەردیلەکان لەگەڵ یەکتردا، بەو پەڕی دانایی و وردبینی، بە ڕادەیەکی ئەوتۆ کە ئەو مردنەی بەچاو نابینرێت و ئەم هەموو ڕێسا پڕ لە دانایی و وردەکارییە قەشەنگانەی تێدایە، لە شێوەی ژیانێکی گەشەکردووی گوڵەگەنم و ڕووەکی باڵابەرز و بەرداردا دەردەکەوێت.

 .

ئەمەش تێمان دەگەیەنێت کە مردنی تۆو، سەرەتای ژیانی نوێی ڕووەکە، چ ڕووەکێک بێت گوڵ بگرێت، یاخود بەردار بێت، بەڵکوو لە ڕاستیدا مردنەکەی خودی ژیانە نوێیەکەیەتی! کەواتە مردن بەدیهێنراوێکی کتومت وەک ژیانە. هەروەها ئەو خۆراکەی کە بەرووبوومێکی زیندووە، یاخود شتێکی گیاندارە و لە گەدەی مرۆڤدا دەمرێت، لە ڕاستیدا مردنەکەی سەرەتای بەرزبوونەوە و سەرکەوتنییەتی، بۆئەوەی ببێت بە بەشێک لەناو ژیانی بەرەوپێشچووی مرۆڤدا. کەواتە مردنەکەی بەدیهاتوویەکی گەلێک ڕێکوپێکترە لە ژیانی یەکەم جاری ئەو خۆراکە.

 .

ئینجا ئەگەر مردنی ڕووەک -کە لە نزمترینی چین و پلەکانی ژیاندایە- بەدیهاتوویەکی ئاوا ڕێکوپێک و پڕ لە دانست بێت، دەبێت مردنی مرۆڤ چۆن بێت کە خاوەنی بڵندترینی چینەکانی ژیانە؟ کەواتە -بێ هیچ گومانێک- مردنی مرۆڤ ژیانێکی هەمیشەیی لە جیهانی بەرزەخدا بەرهەم دەهێنێت، کتومت وەک تۆو کە بە مردنی لەژێر خاکدا دەبێت بە ڕووەکێکی تا بلێی ڕەنگین و جوان و پڕ لە دانایی لە جیهانی ئیسلامیدا. ئینجا سەبارەت بەوەش کە ئایا چۆن مردن بە نیعمەت دادەنرێت، بۆ وەڵامی ئەمە تەنیا چوار ڕوو لەو ڕووە زۆر و زەبەندانە باس دەکەین کە دەریدەخەن مردن  نیعمەتە:

 .

یەکەم: مردن بریتییە لە ڕزگاربوونی مرۆڤ لە کار و فرمانی و ژیانی دونیا و ئەرکی قورس و سەختی گوزەران، لە هەمان کاتیشدا دەرگای بەیەکگەیشتنەوەیە لەگەڵ نەوەد و نۆ لە سەدی خۆشەویستاندا کە لە جیهانی بەرزەخدان، کەواتە لەم ڕووەوە مردن نیعمەتێکی گەلێک مەزنە.

 .

دووەم: مردن دەرچوونە لە بەندینخانەی تەنگ و تار و شڵەژاوی دونیا و ڕۆیشتنە بۆ ژێر سایەی چاودێری و میهرەبانیی فراوانی خۆشەویستی ڕاستەقینە و هەمیشەیی. هەروەها لەزەتچەشتنی نیعمەتی ژیانی فراوان و ڕووناک و بەردەوامە کە هیچ مەترسییەک تاڵی ناکات و لێڵی هیچ خەم و پەژارەیەکیش ئاوێتەی نابێت.

 .

سێیەم: پیری و هۆکارەکانی تری هاوچەشنی، کە ژیان لە مرۆڤ دەکەن بە ئەرکێکی ناهەموار و بارێکی دژوار، دەری دەخەن کە مردن نیعمەتێکە زۆر لە نیعمەتی ژیان بڵند و پایەبەرزترە! چونکە ئەگەر بێت و وا دابنێیت کە هەموو باپیرانی پێشینت چووبن بە ساڵدا و لەگەڵ باوک و دایکی پیر و پەککەوتەت، ئێستا لە ژیاندا مابن و تێکڕا گیرۆدەی چەندین باری بە سوێ و ئازار بووبن و لەبەرچاوتدا بەو حاڵە پەرێشانەوە بتلێنەوە، ئەوا تێ دەگەیت کە ژیان چەندە مایەی بێزاری و پەرێشانییە و مردنیش نیعمەتێکی چەندە بەرز و بەنرخە!

.

 جگە لەمەش، ئەگەر مرۆڤ بیر لە مردنی ئەو مێش و مێرووە ڕەنگینانە بکاتەوە کە شەیدای گوڵە ناسکۆلە و خەمڵاوەکانن و لە دەمی پەرەسەندنی سەرمای سەختی زستاندا دەمرن و ئەم دونیایە بەجێ دەهێڵن، ئەوا مەودای ئەو میهرەبانییە تێ دەگات کە لە مردندا هەیە و ئەو سەختی و گیر و گرفتانەشی بۆ دەردەکەوێت کە ئەو مێرووانە گرفتاری دەبوون ئەگەر درێژە بە ژیانیان بدرایە!

.

چوارەم: هەروەک نوستن حەوانەوە و میهرەبانییە بۆ مرۆڤ، بەتایبەت بۆ گیرۆدەبووان و زامدار و بیماران، بە هەمان جۆر مردنیش کە برای نوستنە، میهرەبانی و نیعمەتێکی مەزنە بۆ هەموو ئەو کەسانەی گیرۆدەی بەڵای ئەوەندە سەخت بوون، کە لەوانەیە دووچاری خۆکوشتنیان بکات.

هەموو ئەم نیعمەتانەی باس کران، هی مردنی ئیماندارانن، بەڵام مردنی گومڕایان -چەشنی ژیانیان- بەڵایەکی مەزن و ئەشکەنجەیەکی ئاوێتەی ئازارە، وەک لە چەندین وتەدا بە جۆرێکی گومانبڕ چەسپاندوومانە. دیارە ئەم لایەنەش لە دەرەوەی بازنەی ئەم باسەی ئێرەدایە.

.

سەعیدی نوورسی 

مەکتوبات، لاپەڕە: ٨

بیروباوەڕی ئەهلی سوننە و جەماعەت بە پێی نەقل و عەقل

.

نظرات 0 + ارسال نظر
برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد