بیاره شریفه

آرشیو نوشته های من

بیاره شریفه

آرشیو نوشته های من

ئازاریک لەژیر گوی چەپم

ئازارێک لەژێر گۆی چەپم 


ساڵی ٢٠٠٢ ئازارێک لەژێر گۆی چەپم دروست بوو, شەوان نەیدەهێڵا بنووم, سەردانی پزیشکی پسپۆڕم کرد دوای کۆمەڵێک پشکنین وتی: تۆ هیچت نییە, پرسیم: ئەی ئەو ئازارەی ژێر گۆی چەپم چییە؟ وتی: گەر پێتخۆشە رەوانەت دەکەم بۆ خەستەخانەی رزگاری پشکنینێکی تر هەیە با بۆت ئەنجام بدەن, رۆیشتم پشکنینێکی وردیان بۆ کردم لە رێگەی کۆمەڵێک ئامێرەوە, ئەوانیش هەمان قسەی پزیشکەکەیان دووبارە کردەوە, لە خۆم دەپرسی: بڵێی, حاڵەتێکی نەفسی بێت و واهیمەم بۆ خۆم دروست کردبێت, بەڵام ئەو گشتە ئازارەی شەوان لە کوێوە دێت, چەندین سەعات لەناو جێگە خەوم لێ حەرام دەکات؟!.

 

هەر لەو رۆژانەدا بوو سەردانێکی کتێبخانەی رەسەنم کرد, خاوەن کتێبخانەکە کاک محەمەد رافیع کتێبێکی لە بەردەم بوو دەیخوێندەوە, مۆڵەتم لێ خواست و تەماشایەکی بەرگی کتێبەکەم کرد و سەرنجێکی ناوەرۆکەکەیم دا, کتێبەکە کۆکراوەی کەراماتەکانی شێخ (حسام الدین) بوو بە ناوی (سراج الطالبین), داوام لە کاک محەمەد کرد کتێبەکەی لێ بخوازم و بیخوێنمەوە و پاشان بۆی بگێڕمەوە, بەڵام لە بەخشندەیی خۆی وتی: کتێبەکەت هەدیە دەکەم.

 

کتێبەکەم هێنایەوە و لە دوو تا سێ رۆژدا خوێندمەوە, ناوەرۆکی کتێبەکە لە دەمی کەسە باوەڕ پێکراوەکانەوە کەراماتەکانی شێخ (حسام الدین)ی دەگواستەوە, لێتان ناشارمەوە دوای تەواوبوونی خوێندنەوەی کتێبەکە بڕیاری من ئەمە بوو: (کۆی ئەم قسانە خەڵکانێک لە دوای مردنی شێخەکەیان هەڵیانبەستووە, تاکو شەرعیەت و گەورەیی بدەن بە شێخەکەیان, دەموت: دەکرێت شتێک روویدابێت, بەڵام دواتر هەزار شتیان خستووەتە سەر و چیرۆک و حکایەتیان لەسەر هۆنیوەتەوە).

 

ئەو بڕیارەم سەپاند بەسەر کتێبەکەدا و هەڵمدایە ناو کتێبخانەکە, شەوێک یان دوو شەو دوای ئەوە چووینە ناو جێگە, خێزان خەوتن و ماڵ خامۆش بوو, من هێشتا لە تاو ئازاری گۆی چەپم خەو ناچێتە چاوم, لەسەر لای راست روو بە دیوارەکە راکشابووم, بیرم لە کەراماتەکانی ناو کتێبەکە دەکردەوە, بەڵام هێشتا بڕیاری خۆم نەگۆڕی بوو, ئازاری گۆی چەپ و بیرکردنەوە لە کەرامات بەیەکتر ئاوێزان بووبوون, من "هەر بەئاگام و خەو نەچووەتە چاوم", لە نەکاو بە هەموو هێزەوە دەستێک کێشای بە ناو شانمدا, ئەوەندە توند لێیدام تەکانم دا بۆ پێشەوە, لەگەڵ پیاکێشانی دەستەکە و تەکانی من شتێکی رەش بە ئەندازەی هەڵماتێک لە گۆی چەپم دەرپەڕی و کێشای بە دیوارەکەدا, لەبەر ئەوەی لێواری فەرشەکە بە تەواوی ناوماڵەکەی دانەپۆشی بوو هەڵماتە رەشەکە بەسەر چیمەنتۆکەدا-بە دەنگێک هەروەک دەنگ و خڕەی هەڵمات- شۆڕبوویەوە تا گەیشتە زاویەکە و لەو جێگە بزر بوو.

 

لەناو جێگەکە راستبوومەوە سەیری پشتەوەی خۆم کرد هیچ کەس نزیک بە من نەنووستووە, هەر لەو کاتەدا هەستم کرد ئازارم نەماوە, ئەوە بۆ بیست ساڵ دەچێت, بۆ تەنها جارێکیش ئەو ئازارە نەهاتەوە گیانم.

 

من دڵنیام لەو کارەدا دوو حیکمەت بوونی هەبوو, یەکەم شفای بەندەیەکی لاوازی وەک من, دووەم:  سڕینەوەی ئەو قەناعە چەوتە گوایە کەرامات بوونی نییە و بانگەشەی کەرامات ناڕاستە و خەڵک دروستی کردوون, هەڵبەت لە هەردوو خاڵەکەدا بکەری راستەقینە خودایە و حەرەکە و سکونێک لە گەردووندا بەبێ فاعیلییەتی ئەو(سبحانە وتعالى) ئەنجام نادرێت.


نوسینی . عبدالکریم فتاح